بەشێک لە شێعری ( شێعرێکی خاکیپۆش) 

بۆ یادی پیرۆزی مامۆستای دیموکراسی شەهید دکتور قاسملوو و شەهیدانی راسان و کۆساڵان.

 

كە دەستم بە چەكی قەڵەمەوە دەلەرزێ
وشەكان دەزانن
پووشپەڕی ئەم وەرزەم
بازێكە سەرتاپا برین و
چاوێكە لە گۆمی خوێن ھەڵكێشراو
سەدەیەك ھەستانە بە بەرگی خۆڵاوی حەماسەی راسان و
ئێستاكەش گوڵاڵەی شەھیدی شارێكە خاكیپۆش
چاوەڕێی ھاتنی وەرزێكە
بە باڵی تەیرێكی بەخشەندە
برژێیتە ژوورێكی تۆزاوی سەنگەری و
جامانە بخەیتە سەر شانی بەرزیەوە.
كە دەنگم لە گەرمەی وتنەوەی ناوتدا دەلەرزێ
چیاكان دەزانن
ھەر كڵپەی برینە
كە باڵای بەردینی جوانترین شاخەكان بە بچۆكدا دادێنێ و
ئەوەتا ساڵێكە كوێستانان چاوەڕێن
لەوپەڕی سنووری وڵاتی سوورەوە
دوو دیدەی ھەتاویت بنێریت ،
كوێرایی ئەم كۆستەم دابدات،
دەستانی چیاییت بێنەوە سەرشاخ و
كاكۆڵی كۆساڵان بە ھۆنەی ھەناسەت شانە كەی.
بێیتەوە
نیشتمان بخەیتەوە ناو چوارخانەی جامانەت.
28 ساڵە لەم وەرزە
سەری لە چیا بەرزتری ئازادیمان
دەگاتە لای پیاوچاكانی نووسینەوەی نەخشەی
دونیای دیپلۆماسی ،
ھاواری خوێن لێ نەبڕاوی گەرووی سوورمان
دەگاتە گوێی كپ و كڕی حوكمی دادگای نێودەوڵەتی،
28 ساڵە تۆ لەوێ
ھەتاوی بەخشەندەییت و
بەسەر جەستەی ئەورووپایی زامەكانا ھەڵدەزنێی
خەندەیەكی شیرینی مەیلەو دابڕان
دەنێریتەوە بۆ كۆیە و بۆ ئازادی 

.....

کۆیە/ ئازادی / ٢٠١٧

جگە لە تۆ

سڵاوت لێ بێ ئەزیزم سڵاو

ئەی که هەموو رۆمانەکانی دونیا تۆ نووسیوته،

تەنانەت هەژارانیش هەر دەستنووسی تۆ بوو

 نه دۆستۆیۆفسکی،

گابرێل گارسیا مارکێزیش قەت رۆمانی نەنووسیوە.

ئەی که درێژبوونەوەی چیرۆکه کورتەکانت داهێنا

دنیات بەتاڵ کردەوە له مەخلوقی بێ سەمەر.

تەنانەت ئەو شێعرەش که دەڵێ

"یەکێ بوو یەکێ نەبوو

جگه له خوا کەسێ نەبوو"

تۆ نووسیت.

سڵاوت لێ بێت ئەزیزم سڵاو

که جگه له تۆ

هیچ یەکێکیتر وجودی نییه.

 

 

(له‌ سه‌ر سینگت ئه‌نووسم : دڵ )

(له‌ سه‌ر سینگت ئه‌نووسم : دڵ )

پڕ له‌ ژیان و ترپه‌ی نه‌هاتن

كه ده‌ریا ئه‌پۆشیت و ئه‌ڕۆیت
من ته‌نیاترین ماسیتم،
ئه‌گه‌ر حه‌زئه‌كه‌ی مه‌وه‌سته و
ئه‌م ئاگره‌ بسووتێنه
كه تاوێك هه‌یه‌و تاوێك نیییه.
ئه‌گه‌ر حه‌زناكه‌ی بوه‌سته
ئه‌م بارانه بكوژێنه‌وه‌ 
كه تاوێك نه ... هه‌میشه به‌ڕێوه‌یه.
كه ده‌ریا له‌ به‌رت دائه‌كه‌نیت،
وه‌ك عه‌شق له‌ یه‌كه‌م چركه‌دا
من دێم و ناهێڵم
هیچ كه‌س
جگه‌ له‌ من
له‌ سه‌ر سینگت بنووسێت _دڵ _  .

(گوڵباخ به‌هرامی)

چه‌ند خۆشتم بوێ !؟

نةمويست شێتانه‌و شه‌یدا

ئاره‌زووت كه‌م و نه‌بی.

بارانم بیت ...

ده‌ستم به‌ربێت له چه‌تره‌كه‌ت و ته‌ر نه‌بم .

قاوه‌كه‌ت

تاڵترین ره‌نگی نێوانمان و

من هێشتا له په‌رستنت دا  عاشق.

ته‌ماشات ئه‌كه‌م و دنیایه‌ك ئه‌ڕژێته‌ دڵمه‌وه‌ شیرین

لێدانی خوا ژماره دڵم و

ته‌ماشام ئه‌كه‌یت و دنیایه‌ك ئه‌ڕژێته بوونمه‌وه‌ ... ته‌نیا.

ده‌ستم مه‌گره .... ته‌ماشام مه‌كه‌ .... هیچ مه‌ڵێ !

ته‌نیا  ده‌ستت له سه‌ر دڵم دانێ و بڵێ:

چه‌ند خۆشتم بوێ  !!!!! 

 

(گوڵباخ به‌هرامی)  

 

 

 

کۆتایی

کۆتایی

................... 

له نزیکته‌وه‌ ئه‌ژیم
له نزیکته‌وه‌ ئه‌مرم
پاڵم به‌رۆخی ئاویترین سه‌حه‌ره‌
ئه‌ی واجبتر له موعجیزه بۆ زیندووبوونه‌وه‌ی من
که‌ی ویستت ، ئه‌وه‌ دڵم
وه‌ک چه‌رخ ، جگه‌ره‌یه‌کی پێ داگیرسێنه،
ئه‌زانی که چه‌نێ شه‌وه‌ هه‌ر ماتڵتم
چه‌نێ ساعه‌ته هه‌ر
پێویستم به خه‌ونێکه تا باوه‌ڕ بێنم هه‌یت
چه‌نێ وه‌خته
له‌خۆڕا له‌نوخته‌یه‌کی نارنجییا پیر ئه‌بم و
کراسه‌که‌م ئه‌مرێ له‌به‌رما!

ره‌نگه ئه‌مه کۆتا شه‌و بێت
له حوزوری تۆدا
دێمه قسه،
کۆتا شه‌و که بێ قه‌راری ئارامیتم.
مانگی من!
له نزیکته‌وه‌ تا حه‌ز که‌ی ئارامم
که‌ی ویستت ، ئه‌وه‌ من
دوور دوور
لێی نزیک ببه‌وه‌.

گ.بهرامی

له زیندانه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵ


به‌شێک له‌ شێعری(له زیندانه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵ)

 

وه‌ک خولیای گوشینی ده‌ستێکی سارد

له‌گه‌رمه‌ی مردنا

حه‌زم له‌تاڵه‌کانی ده‌نگته به‌ر له‌نووستن

له‌وبه‌ری شووشه‌ ماته‌کانی نه‌هێشتنه‌وه‌،

تۆ نیت و

من ته‌نیاترین دیواری ئه‌م زیندانه‌م

ژووره‌که‌م پڕه له‌سووراوی ساخته‌و

ئه‌و فاڵچییه نابه‌ڵه‌دانه‌ی

بۆ خواردنه‌وه‌ی قاوه‌یه‌کی سارد

چاره‌نووسم له‌ رقێکی گه‌رمدا ئه‌پێچنه‌وه‌

ئه‌ڵێی ژیان له‌بیری چۆته‌وه‌ بوه‌ستێ

وه‌ک من چۆن ده‌مێکه له‌بیرم چۆته‌وه‌ هه‌ڵێم

هه‌ڵاتن له هه‌میشه ......نه

له هیچکات

له هیچکاتی نه‌بوونه‌کانی دایکم و

چاوێک که به په‌له ده‌یگێڕم بۆ تۆ

تۆ نیت و

لێره‌ باران به ئاسمانیش ژیر نابێته‌وه‌

.....

من حه‌زم له ته‌نیا بوونه‌و

تۆ نیت یاساکانی فڕین بشکێنیت

جێهێشتن بخه‌یته‌ بازنه‌یه‌کی ره‌شه‌وه‌

ئاوڕدانه‌وه‌ی کات بوه‌ستێنێ

له‌م ئینسان‌بوونه کاغه‌زییه

له‌ په‌رت بوون و موبته‌ڵا بوون

ده‌ستم بگریت و له‌ کۆڵانه ته‌ڕه‌کاندا

به‌ کامێرا شاراوه‌کانی سه‌ر دیواری شار

پێبکه‌نین،

تاریکی چ هێزێکی داگیرکه‌ره‌ له نه‌بوونتاو

من رقم له هه‌رچی نه‌بوونه ده‌بێته‌وه‌

کاتێک که تۆ نیت و

من به نه‌عله‌کانی خواژماره‌ گه‌وره‌تر

هه‌نگاوه‌کانم بۆ ئه‌و په‌ڕی ره‌هایی ئه‌نێرم

ده‌ستێکم به دڵی دایکمه‌وه‌ گرتووه‌ نه‌له‌رزێ

چاوێکم له‌ هه‌ناسه‌کانی تۆ بڕیوه‌ نه‌وه‌ستێ

له زیندانه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵ

........


گوڵباخ - هه‌ولێر 2012



شه‌ش رۆژی بێ ژماره‌

تا ... تۆ

دره‌نگ وحه‌فت یانێ

حه‌قیقه‌تێکی نه‌نووسراوو حه‌یف

دره‌نگ بوو که هاتی

قاوه‌ییت پۆشیبوو له شه‌رما

هاتی

له سه‌ر کورسییه‌کی ته‌نیا

بوویته به‌فر

زستانت خسته دوو که‌وانه‌ی پڕه‌وه‌

 له‌مردنێکی بێ ژماره‌دا

جاده‌ش که پشتم تێده‌کات

حه‌فت رۆژی نه‌نووسراو یانێ

حه‌قێقه‌تێکی حه‌یف

دره‌نگ بوو که رۆیشتی

له‌رۆژێکی بێ ژماره‌دا

له سه‌ر کورسییه‌کی بێ تۆ

من سێبه‌رێکی ته‌ڕم و هیچی تر


(گوڵباخ به‌هرامی


نامه‌ی یه‌که‌م ، رۆژی دووه‌م

(رۆژی دووه‌م )

ته‌ماشا گوڵی من !
له‌نێوانمان سێبه‌رێکه سپی
وه‌ک وه‌هم
نه‌ ده‌ڕوا نه ده‌وه‌ستێ
تۆ ئه‌ڵێی فریشته‌یت و
په‌ڕه‌کانی ئاسمانت به خۆتا داوه‌
منیش بارانێکی به په‌له‌م
ده‌ست له مه‌نتقی چه‌تره‌کان وه‌رئه‌ده‌م .

گوڵی من!
به‌یانییه‌ک ئه‌مرم و
به من چی فه‌لسه‌فه‌ یانێ چی
فه‌لسه‌فه‌ی من تۆ ی
که قه‌ناعه‌ت به ئاسمان دێنێ
له باران زیاتر
هیچ خوایه‌ک
رۆحم ناخاته وه‌سوه‌سه‌ی هه‌ڵفرین.

(گ.به‌هرامی)

حه‌ز ئه‌که‌ی مه‌مناسه‌وه‌

حه‌زئه‌که‌ی مه‌مناسه‌وه‌

بهێڵه با هه‌میشه ئاوا بم  

رۆئیایه‌کی کارتۆنی 

چه‌ترێکی داخراو تا پڕ بوونی له جاده‌... چۆڵ،

 

 به ره‌نگێکی به‌رده‌وام تینوو

کاڵ، ره‌ش ، رادیکاڵ .

که‌سێک که به بێزاریه‌وه‌

 له بۆنی  "بلوو له‌یدی"

 هه‌ڵدێت

ئه‌پێچێت به ئیحساسی  چه‌ترێکا

له پاڵتۆی  ره‌نگێکی بارانییا ئه‌نیشێته‌وه.

 

حه‌ز ئه‌که‌ی  به هیچ بارێکا مه‌مبینه

لێمگه‌ڕێ تا له دیوارێکه‌وه‌ ره‌ت ئه‌بم و

به دونیای خاڵی له خۆم ئه‌ڵێم:

هه‌میشه هه‌ر وابوو....

من .

 

(گ.به‌هرامی)‌

 

 

  Normal 0 false false false MicrosoftInternetExplorer4

 

 


 

 

 

یه‌که‌مین کتێبم به ناوی ( نیوه‌ی پڕی من ، نیوه‌ی به‌تاڵی ئاوێنه)