بۆ یادی پیرۆزی مامۆستای دیموکراسی شەهید دکتور قاسملوو و شەهیدانی راسان و کۆساڵان.
كە دەستم بە چەكی قەڵەمەوە دەلەرزێ
وشەكان دەزانن
پووشپەڕی ئەم وەرزەم
بازێكە سەرتاپا برین و
چاوێكە لە گۆمی خوێن ھەڵكێشراو
سەدەیەك ھەستانە بە بەرگی خۆڵاوی حەماسەی راسان و
ئێستاكەش گوڵاڵەی شەھیدی شارێكە خاكیپۆش
چاوەڕێی ھاتنی وەرزێكە
بە باڵی تەیرێكی بەخشەندە
برژێیتە ژوورێكی تۆزاوی سەنگەری و
جامانە بخەیتە سەر شانی بەرزیەوە.
كە دەنگم لە گەرمەی وتنەوەی ناوتدا دەلەرزێ
چیاكان دەزانن
ھەر كڵپەی برینە
كە باڵای بەردینی جوانترین شاخەكان بە بچۆكدا دادێنێ و
ئەوەتا ساڵێكە كوێستانان چاوەڕێن
لەوپەڕی سنووری وڵاتی سوورەوە
دوو دیدەی ھەتاویت بنێریت ،
كوێرایی ئەم كۆستەم دابدات،
دەستانی چیاییت بێنەوە سەرشاخ و
كاكۆڵی كۆساڵان بە ھۆنەی ھەناسەت شانە كەی.
بێیتەوە
نیشتمان بخەیتەوە ناو چوارخانەی جامانەت.
28 ساڵە لەم وەرزە
سەری لە چیا بەرزتری ئازادیمان
دەگاتە لای پیاوچاكانی نووسینەوەی نەخشەی
دونیای دیپلۆماسی ،
ھاواری خوێن لێ نەبڕاوی گەرووی سوورمان
دەگاتە گوێی كپ و كڕی حوكمی دادگای نێودەوڵەتی،
28 ساڵە تۆ لەوێ
ھەتاوی بەخشەندەییت و
بەسەر جەستەی ئەورووپایی زامەكانا ھەڵدەزنێی
خەندەیەكی شیرینی مەیلەو دابڕان
دەنێریتەوە بۆ كۆیە و بۆ ئازادی
.....
کۆیە/ ئازادی / ٢٠١٧