8 ی مارس خاڵی وه‌رچه‌رخانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان
" ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌وره‌کان دابارێن گوڵه‌کانی سه‌ر فه‌ڕش شکۆفه ناکه‌ن، ئه‌مه یاسای له‌ژێر پێ مانه‌وه‌یه! "
له‌کاتێکدا که جیهان هه‌ر ڕۆژه به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی نوێتر ده‌ڕوات هه‌رجاره گۆڕانه مێژوویی‌و سه‌رده‌مییانه‌کان کاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وتی به‌ره‌وپێشچوون‌و رووداوه‌کانی داهاتوودا ده‌بێت. به‌درێژایی مێژوو، بزووتنه‌وه جۆراوجۆره‌کان به‌پێی پێویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌م‌و هاوهه‌نگاو له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی مرۆیی‌و هزریی قۆناغه جیاوازه‌کاندا، سه‌رهه‌ڵده‌دات‌و ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگاو جیهانی ده‌ورووبه‌ری به‌ئاقارێکی دیکه ده‌گۆڕێت. له‌نێوان بزووتنه‌وه فراوانه‌کاندا بزووتنه‌وه‌ی ژنان یه‌کێک له‌گرنگترین بزووتنه‌وه‌کان بووه که تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌و هه‌رجاره‌و له‌به‌رگێکی نوێ له‌داواکاری‌و داخوازییه‌کاندا خۆی ده‌نوێنێت. به‌ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌مێژووو هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان ده‌بینین که هه‌ر له‌سه‌ره‌تای زاڵبوونی هه‌ستی پیاوسالاری‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌سه‌ر ژناندا، جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی ژنان له‌کۆت‌و به‌نده کۆمه‌ڵایه‌تی‌و نه‌ریتییه‌کان ده‌ستیپێکردووه‌و به‌رده‌وام بووه. که له‌ده‌سه‌لاته بورژواکان که سیسته‌مێکی نادادپه‌روه‌رانه سۆکانی رێبه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگای له‌ده‌ستدایه، رێژه‌ی نابه‌رانبه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیی، مه‌ودای نێوان چینه‌کانی کۆمه‌ڵگاو چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان له‌بواره‌کانی کار‌و نایه‌کسانی ئابووری هۆکاره‌کانی وه‌زاڵه هاتنی تاکه‌کان، به‌تایبه‌ت ژنان بووه که کاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر کاراکتێرو شووناسی ژنانه‌یان داناوه‌و له‌رووی باوه‌ڕمه‌ندی، هه‌ست‌و ئیراده‌و ناسینی پێگه‌و شووناسیی راسته‌قینه‌ی ژنان وه‌کوو مرۆڤێکی سه‌ربه‌ست، قه‌یرانێکی ده‌روونی لێکه‌وتۆته‌وه که ئه‌نجامه‌که‌ی خه‌ساری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و لاواز بوونی ئیراده‌ی تاکه بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌وئایدیاله‌کانی خۆی‌و گرێدانی به‌مافه ره‌واکانیی وه‌کوو مرۆڤێکی خاوه‌ن بڕیار‌و ئیراده. لێره‌دایه که بزووتنه‌وه‌کانی ژنان رۆڵێکی سه‌ره‌کییان گێڕاوه له‌زه‌قکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان‌و گه‌ڕان به‌دوای میکانیزمێکی گونجاو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان. یه‌که‌مین جوڵانه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تیی ژنان له‌ناوه‌ڕاسته‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م له‌چوارچێوه‌ی که‌مپه‌ینی مافی هه‌ڵبژاردن‌و مافی ده‌نگدان بۆ ژنان، سه‌ریهه‌ڵدا. که له‌مێژووی بزووتنه‌وه فێمێنیستییه‌کاندا وه‌کوو یه‌که‌م شه‌پۆلی فێمێنیزم دیاریکراوه. که رێگاخۆشکه‌ر بوو بۆ بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ری‌و گشتگیره‌کانی ژنان تا ده‌نگی ئازادیخوازی به‌رز بکه‌نه‌وه. له‌ساڵ1857 له‌رۆژی هه‌شته‌می مانگی مارس، ژنانی کارگه‌کانی رستن‌و چنینی شاری نیۆیۆرکی ئه‌مریکا بۆ ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به بارودۆخی ناله‌باری کار‌و که‌مبوونی مووچه‌ی کار‌و هه‌روه‌ها ناعیداڵه‌تیی به‌رانبه‌ر به‌ژنان هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌کان که له‌لایه‌ن هێزه‌کانی پۆلیسه‌وه به‌توندوتیژی وه‌ڵامیان درایه‌وه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌و خه‌باته مه‌زنه‌ی ژنان به‌رده‌وام بوو‌و له‌زۆربه‌ی وڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی جیهاندا ره‌نگیدایه‌وه تا ساڵی 1907 که ئه‌و بزووتنه‌وانه له‌ئاستێکی به‌رفراوان‌و گه‌وره‌تردا په‌ره‌ی سه‌ندو له‌رۆژی 8ی مارسی ئه‌و ساڵه ژنانی شاری نیۆیۆرکی ئه‌مریکا ناره‌زایه‌تییه‌کی جه‌ماوه‌رییان رێکخست بۆ پشتیوانی کردن له‌ژنانی 8ی مارسی 1857 و له‌درێژه‌ی ئه‌و ناره‌زاییانه‌دا له23ی مارسی 1909 پێشنیارێکیان خسته‌به‌رباس که رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ئاخری مانگی فێورییه وه‌کوو خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری‌و به‌ناوی" رۆژی ژن" له‌ئه‌مریکا دیاری بکرێت. هه‌ر درێژه‌ی هه‌وڵه‌کان بۆ به‌جیهانیی کردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له‌دووه‌مین کۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیست "کلارا زێکتین" رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنانی پێشنیاز کرد که دواتر له‌و کۆنفرانسه‌دا په‌سندکرا. بزووتنه‌وه‌ی ژنانی به‌رانبه‌ریخوازی ئه‌مریکا شاره‌کانی دیکه‌و وڵاته‌کانی ئه‌وروپای گرته‌وه‌و ره‌گی جوڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازی له‌پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگاکاندا پته‌وتر کرده‌وه. له‌وڵاتانی ئه‌ڵمانیا، دانیمارک، ئۆتریش‌و سویس یه‌که‌مین رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ئازادیی ژنان له‌ساڵی 1911 به‌فه‌رمی په‌سندکرا. له1913 له‌روسیا 8 ی مارس وه‌کوو یه‌که‌مین رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ئازادیی ژنان ناوزه‌دکراو هه‌روه‌ها له‌وڵاتی نه‌رویج له‌ساڵی 1915 به‌فه‌رمی ناسرا. ئه‌م ره‌وته به‌رده‌وام بوو تا سه‌ره‌نجام له‌زۆربه‌ی شار‌و وڵاتانی جیهان رۆژی ئازادیی ژنان به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ناسراو له‌ساڵی 1975 رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌و رۆژه‌ی به‌فه‌رمی ناساند به‌ڵام تا ئه‌وکاته ناوێکی دیاریکراویان ده‌ستنیشان نه‌کردبوو، له‌ساڵی 1977 رێکخراوی یۆنیسکۆ رۆژی 8 ی مارسی به‌ناوی "رۆژی جیهانیی ژن" به‌فه‌رمی راگه‌یاند. که ده‌ستکه‌وتێکی مه‌زن‌و شایسته‌ی بزووتنه‌وه‌کانی ژنان بوو که به‌درێژایی مێژوو هه‌وڵیان بۆی داوه‌و بۆ به‌ده‌ستهێنانی تێکۆشاون. ئه‌گه‌رچی له‌وکاته‌دا به‌له‌به‌رچاوگرتنی سه‌رمایه‌داری‌و بۆرژوازیی ساوا‌و هه‌روه‌ها بارودۆخی فیکری‌و ئایدۆلۆژیی زاڵ به‌سه‌ر تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاو له‌لایه‌کی دیکه‌وه پێکهاته‌ی جه‌سته‌یی‌و سروشتیی ژنان، له‌هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ستی پیاوسالاری‌و پاوانخوازیی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووری بووه که بوه‌ته‌هۆی چه‌وساندنه‌وه‌و ژێرده‌سته‌یی ژنان، داخوازی‌و داواکارییه‌کانی ژنان زیاتر له‌چوارچێوه‌ی مافی کاری به‌رانبه‌رو گونجاو، مافی هه‌ڵبژاردن‌و راهێنانی ته‌کنیکی له‌بواری کار بۆ ژنان کانالیزه ده‌کراو وه‌کوو دورشمی سه‌ره‌کیی ئه‌و بزووتنه‌وانه به‌رز ده‌کرایه‌وه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام هه‌ستی رزگاریخوازی‌و ئازادیی تاکه‌که‌سی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ده‌روونی ژنان په‌نگ ده‌خواته‌وه‌و هه‌موو هه‌وڵ‌و تێکۆشانی بزووتنه‌وه‌کانی ژنان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی ره‌وای مرۆڤێکی ته‌واوه که له‌وانه ئازادی تاکه‌که‌سی، به‌رانبه‌ری جینسی، به‌رانبه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تییه، که به‌پێی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتداری هه‌ر وڵاتێک‌و راده‌ی ئازادی‌و دێمۆکراسی له‌هه‌ر شوێنێکدا داخوازی‌و فۆرمی پێکهاته‌یی بزووتنه‌وه‌کان لێکترجیاوازه. ئێستا له‌وڵاتانی نیوه‌پێشکه‌وتوودا ئه‌وه‌ی ژنان وه‌ک داواکاری‌و داخوازیی مافه‌کانیان ده‌یانه‌وێت‌و هه‌وڵی بۆده‌ده‌ن هه‌ر ئه‌و ماف‌و ئازادییانه‌یه که ژنانی وڵاتانی پێشکه‌وتووتر به‌ده‌ستیان هێناوه‌و پێیگه‌یشتوون، که‌وابوو بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌ژێر کاریگه‌ریی سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵات، شێواز‌و ئاستی داواکاری‌و فۆرموڵه‌بوونی له‌چوارچێوه‌یه‌کی سیستماتیکدا ده‌گۆڕدرێت. ئه‌وه‌ی که له‌مێژووی ئه‌م بزووتنه‌وانه‌دا به‌رچاوه هه‌وڵ‌و پێداگری مرۆڤه بۆ وه‌دیهاتنی ئاوات‌و ئامانجه‌کانی که له‌ره‌هه‌نده جیاوازه‌کانه‌وه دێته ئاراوه‌و سه‌ره‌نجامی ئه‌و خواستانه له‌ئازادیدا کۆده‌بێته‌وه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌کان بۆگه‌یشتن به‌ئازادی تادێت زیاتر گه‌شه ده‌سێنێت‌و به‌رفراوانتر ده‌بێته‌وه. له‌م نێوانه‌دا ژنان له‌چاوه‌ڕوانی دونیایه‌کی ئایدیال‌و دڵخوازن که بتوانن خه‌ونه‌کانیان به‌واقێعه‌وه گرێبده‌ن‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ژی له‌به‌رانبه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و یه‌کسان بنیات بنێن که شایانی پێگه‌و پیرۆزیی مرۆڤایه‌تی بێت. هه‌ر ساڵ له‌یادکردنه‌وه‌ی 8 ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان، خولیاکان ئه‌بووژێنه‌وه‌و ئاواته‌کان دووباره به‌ره‌و که‌ناره‌کانی گه‌یشتن سه‌رهه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌ی رابردوودا ژنانی جیهان توانییان به‌ده‌ستی بێنن، ئێمه توانیومانه بیپارێزین‌و گه‌شه‌ی پێبده‌ین؟ با ئێمه‌ش هه‌وڵبده‌ین بۆ په‌ره‌دان به‌زانست‌و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری‌و ئاگایی کۆمه‌ڵگاو به‌ناساندنی ئه‌رک‌و توانا‌و مافه‌کانمان که‌سایه‌تی، شووناس‌و بوونی خۆمان له‌له‌ناوچوون بپارێزین‌و له‌هه‌رکوێ هه‌نگاوه‌کانمان شل بێته‌وه له‌وێ خاڵێکی به‌هێز وێنا بکه‌ین بۆ دووباره هه‌ستانه‌وه‌و زیندووکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا به‌رۆح‌و به‌های مرۆڤایه‌یتی راسته‌قینه‌و هه‌وڵبده‌ین بۆ گه‌یشتن به‌و پیرۆزییه‌ی شایسته‌ی ئێمه‌یه.

